ووتەی راگر
ووتەی ڕاگری پەیمانگا.د. ڕێباز چەتۆ بیرۆ
بەناوی یەزدانی دلۆڤان
ئێرە سەکۆى پەیمانکەى تەکنیکى تایبەتى ئایندەیە؛ خۆشحاڵین بە سەردانتان و بەخێرهاتنێکى گەرمى یەک بە یەکتان دەکەین.
پەیمانگەکەمان کە لە ساڵى ٢٠١٤ دامەزراوە، کار بۆ بەرەوپێشبردنی لایەنی ئەکادیمی و گەشەپێدانى توانا مرۆییەکانى تاکەکانى کۆمەڵگەکەمان دەکات. ئێمە بۆ ئەو مەبەستە، ژینگەیەکى پەروەردەیى زیندوو و دینامیکمان درووستکردووە، کە فێربوون، داهێنان و گەشەکردن، لە پێشەنگی هەموو کارێکدان.
خۆشەویستان؛ ئێمە لە پەیمانگەى تەکنیکى و تایبەتى ئایندە، لە هەوڵى درووستکردنى ژینگەیەکداین، کە نەک تەنیا قوتابییە ئازیزەکانمان، بەڵکو بنەماڵە بەڕێزەکانیان و تەواوى ئەندامانى کۆمەڵگەش بتوانن سوودى لێوەرگرن و ببنە بەشێک لێى. هەر ئەم ماڵپەڕە دەتوانێ دەروازەیەکى باش ونایاب بێ بۆ گەیشتن بەو ئامانجە، چونکە لێرەدا، وردەکارییەکان دەربارەی پڕۆگرامە ئەکادیمییە جۆراوجۆرەکانمان و بەشێوەیەکى گشتى هەموو رەهەندەکانى کارکردنمان بەردەستن.
ئازیزان؛ پەیمانگەکەمان بە بەرنامەیەکى ستراتیژى زانستییانە، بە ژمارەیەکى بەرچاو لە مامۆستایانى ئاستبەرزى هەڵگرى بڕوانامەى بەرز لە زانکۆکانى ناوەوەو دەرەوەى کوردستان و بە ستافێک لە فەرمانبەرانى خزمەتگوزار، هەروەها بە ژمارەیەک لە بەشى زانستى پێویست و گرن، کاردەکات بۆ بنیاتنانى داهاتوویەکى گەش و پڕبەرهەم بۆ رۆڵەکانمان؛ بۆیە لەم هەموو ئاستەکاندا پابەندین بە پێشکەشکردنى باشترینەکان بە قوتابییەکانمان و لە هەنگاو بەهەنگاوى سەرکەوتنیاندا لەگەڵیان دەبین. ئێمە لە رێگەى پەروەردەکردنى قوتابییەکانمانەوە، هەوڵى پاراستنى، هەم داهاتووى ئەوان و هەم داهاتوو نیشتمانەکەشمان، دەدەین؛ تەنیا ئاواتیشمان ئەوەیە کە قوتابییەکانمان بتوانن رێڕەوى سەرکەوتنى خۆیان رەنگڕێژ بکەن؛ بەدڵنیاییەوە ئێمەش هاوکار و یارمەتیدەرێکى دڵسۆز و راستەقینەیان دەبین.
خۆشحاڵدەبین و مایەى شانازیمانە، کە ئەم سەرکەوتنە پێکەوە ئەزموون بکەین..
د.ڕێباز چەتۆ بیرۆ – راگری پەیمانگە